فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا ڕایگەیاند، ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو ...
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا ڕایگەیاند، ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ئەنجامدا کە کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕاگواستنی گرتەوە، ئەمەش لە پێناو سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلی و بێبەشکردنیان لە مافە مرۆیی و مێژووییەکانیان.
دەقی پەیامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق؛
لە ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی
بە شکۆوە لە بەردەم گۆڕی پاکی شەهیداندا دەوەستین و یادی یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە توێژێکی ڕەسەنی گەلی کوردستانی کردە ئامانج. لە چواری نیساندا، ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ئەنجامدا کە کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕاگواستنی گرتەوە، ئەمەش لە پێناو سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلی و بێبەشکردنیان لە مافە مرۆیی و مێژووییەکانیان.
ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی فەیلیدا هات، تەنها ڕێکارێکی کاتی نەبوو، بەڵکو سیاسەتێکی مەبەستدار بوو بۆ لێدانی بوونیان و سڕینەوەی شوێنەواریان، لە ڕێگەی ڕاگواستنی زۆرەملێ، زەوتکردنی موڵک و ماڵ، و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هەزاران کەس. سەرەڕای دڕندەیی ئەو تاوانانە، ئەوان بە خۆڕاگرییەوە بە ناسنامە و ئینتیمای خۆیانەوە مانەوە و سەرەڕای هەموو ئازارەکانیان، پارێزگارییان لە میراتی خۆیان کرد.
لەم یادە خەمناکەدا، دووبارە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەینەوە کە بەرپرسیارێتییە دەستووری و مرۆییەکانی خۆی هەڵبگرێت، لە ڕێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی، گەڕاندنەوەی مافەکانیان، قەرەبووکردنەوەیان، ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو تاوانانە. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە زیندووڕاگرتنی ئەم یادە، جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستیی بەدیهێنانی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان، و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و دانپێدانانی یەکتر.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٤ی نیسانی ٢٠٢٦







