وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوازە تەقلیدییەکەی پێشوو کۆتایی پێ هاتووە و لەمەودوا سەرجەم مووچەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە دەبێت.
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، نزیکەی 99%ـی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون و لە ئێستادا بە شێوەیەکی ئاسان و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئامێرەکانی (ATM)ـەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات.







